دانا غەنی - قیبلەی ڕاز



لەبەر چاوی ناحەزانما کە وەک ژاڵە من گوڵ دەگرم
دەنا لە ناخی تارمدا هەموو ڕۆژێ سەدجار دەمرم

بۆ پێگەشتن گشت عاشقان ڕووە و جێژوان هەنگاو دەنێن
منی تینووی دیداری ئەو کونجی تەنیای خەڵوەت ئەگرم

خۆ پێم ناکرێ وەک موریدان دامێنی شێتی خۆم بگرم
یان لە حەسرەتیا بسووتێم یان لە گەرمەی سۆزدا بمرم

گەرچی ئەمڕۆ گەڵای تەمەن شنەی بایەک دەیوەرێنێ
دڵم خستۆتە سەر دەستم و ڕووە و زریان ڕێگە دەگرم

Comments